training

خولێكی تایبەت بە (كارگێڕی و بەڕێوەبردن)
 بۆ ئەفسەران و پلەدارانی بەشی كارگێڕی سەر بە بەڕێوبەرایەتیەكانی وەزارەتی ناوخۆ

سەنتەری گەشەپێدان بۆ توێژینەوە و راهێنان (DCRT)ی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی خولێكی تایبەت بە (كارگێڕی و بەڕێوەبردن)ی بۆ ئەفسەران و پلەدارانی بەشی كارگێڕی سەر بە بەڕێوبەرایەتیەكانی وەزارەتی ناوخۆ کردەوە و خولەکە ماوەی یەک مانگی خایاند، لە کۆتایی خولەکەدا و لە رۆژی٣٠ كانونی دووەمی ٢٠١٧، لە  مەراسیمیکدا بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا.
لە دەستپێكی مەراسیمەکەدا بەرێز پڕۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید (سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی) دەستخۆشی لە بەشداربوان و راهێنەران و بەڕێوبەرانی خولەكە كرد. بەڕێزیان رۆلی بەرچاوی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش و پۆلیسی بەرز نرخاند و، ئامادەیی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی راگەیاند بۆ خزمەتكردن بەو توێژە ماندونەناسە لە پای خەبات و كاری بەردەوامیان بۆ راگرتنی سەقامگیری كوردستان و پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان.
هەر لە مەراسیمەكەدا، بەڕێز لیوا محسن عوسمان (بەڕێوبەری گشتی ناوخۆ لە وەزارەتی ناوخۆ) سوپاسی تایبەتی پێشكەشی بەڕێز سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی و كارگێڕان و راهێنەرانی خولەكە كرد و، ئەم هەوڵانەی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەرز نرخاند كە لە ماوەی دوو ساڵدا دوو خولی بەهێزكردنی تواناكانیان بەشێوەیەكی ئەكادیمی و بە خۆبەخش كردۆتەوە بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس. بەڕێزیان جەختیان لەوە كردەوە كە ئەوە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییە بە كردار و بێ چاوەڕوانی هیچ پاداشتێك و تەنها لە پێناو خزمەتكردنی كوردستان، بە هەمان هەستی كوردانەی پێشمەرگەكانی سەردەمی زێڕینی شاخ، لە ناو شاردا خەبات دەكەن و سەرۆك و كارگێڕان و مامۆستا و كارمەندانی ئەم زانكۆیە خزمەتی شایستە پێشكەش دەكەن. هەروەك هیوای خواست كە ئەم جۆرە كار و چالاكیانە ببنە مایەی گۆڕانكاری تەواو لە شێوازی مامەڵە و پەیوەندی نێوان هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش و پۆلیس لەگەڵ هاوڵاتیان بە ئاراستەی سڕینەوەی هەر جۆرە وێنایەكی نادروست كە بە هۆی ستەمكاری چەكدارانی تافی حكومەتی بەعسەوە و بە بەرگێكی هاوشێوەی ئەم بەرگەی ئێستا ستەم لە هاوڵاتیان دەكرا.
لە كۆتایی مەراسیمەكەدا، لۆگۆی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی پێشكەشی بەڕێز لیوا محسن عوسمان كرا و بڕوانامەی بەشداریكردن بەخشرایە ئەفسەرانی بەشدار لە خولەكە و بڕوانامەی رێزلێنانیش بەخشرایە راهێنەرانی خولەكە كە زۆربەیان مامۆستایانی تایبەتمەندی كۆلیجی كارگێڕی و ئابوری زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بوون.




Comments